کاتژمێر ۱۲ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ٢١ی گوڵانی ١٤٠٢ی هەتاوی، دۆستی خۆشەویستم دوکتۆر شاباز موحسینی، زەنگی لێدا و فەرمووی فڵانی لە ماڵێی؟ عەرزم کرد بەڵێ! فەرمووی: مامۆستا مەلا کەماڵ، دیاری بۆ ناردووی. منیش بیری کتێبم دەکرد، بەڵام نەمدەزانی چییە. بەڕێز دوکتۆر تەشریفی هێنا، چاوم بەم دیارییە بەنرخە کەوت، ئەویش وەرگێڕدراوی قوڕئانی پیرۆز بە زبانی کوردی بوو. دووجار خۆشحاڵ بووم؛ یەکەم وەرگێڕانێکی دی لە قوڕئانی پیرۆز و دەوڵەمەندکردنی پەڕتوکخانەی زمان و وێژەی ئەدەبی کوردی، ئەوی تر، ئەوە بوو کە من رێکەوتی ١٩ی سەرماوەزی ١٤٠٠ لە خزمەت مامۆستادا بووم و فەرمووی لەم بارودۆخە نائاساییەی پەتای کڕۆنا، کەڵکم وەرگرتووە و نەچوومە هیچ شوێنێك، تەنیا خۆم بە وەرگێڕانی قوڕئانی پیرۆز سەرقاڵ کردووە، ئەوە کە ئەم ئاواتە هاتۆتە بەرهەم.

مامۆستا لەبەر شارەزایی لە ڕادەبەدەری بە وردەکارییه‌کانی ڕێزمان و وێژەی زمانی عەڕەبی و ئاگاداری بەسەر زاراوە و بن‌زاراوەکانی کوردی، ئەو لێوەشاوییه‌ی زیاتر بۆ وەرگێران تێدا دەبینرێ. ئەم وەرگێڕدراوە، لە ۶۰۴ لاپەڕەدا بە چاپ گەیشتووە. لێرەوە دوعای بەخێر بۆ کاک سەلاحی پایانیانی دەکەین کە ئەم ئەرکە گرینگەی ئامادەکردن و ڕێکوپێککردنی ئەم کارە قورسەی وەئەستۆ گرتووە ماڵی سەدجار ئاوەدان بێ.

تایبەتمەندییه‌کانی ئەم وەرگێڕدراوەیە:

۱ـ مامۆستا تەنیا وەرگێڕ نییە؛ بەڵکو لەو شوێنەی پێویستی بە ڕاڤەکردن هەبێ، شیکاری زیاتری بۆ کردووە.

۲ـ بۆ ئەوەی زمانی کوردی دەوڵەمەند بکا لە بن‌زاراوەی تریشی کەڵک وەرگرتووە، بۆ وشەیەک چەند جۆری مانای لێداوەتەوە، هەرجارەی لە شێوەزارێک. بەپێی ئەوەی باوکی مامۆستا کرمانج و دایکی سۆران و خۆی موکریانی بووە، ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساندووە بەسەر شێواز و زاراوە جۆراوجۆرەکانی کوردیدا زاڵ بێ.

۳ـ ماناکانی ئەوەندە کورت و پوختن کە درێژه‌دادڕی تێنەکراوە و خوێنەر ماندوو ناکات.

مامۆستا خۆی لە پێشەکی وەرگێڕانەکەی ئاماژە بە سێ خاڵ دەکا:

۱ـ ئەمن پێم وایە (مفعول مطلق تاکیدی) دە زمانی کوردیدا نییە، جا لەبەر ئەوەی ئەمن ئەو جۆرە مەفعولانە کە دە قوڕئانێدا هاتوون، بە کەیفی خۆم مەعنام کردوون! بۆ نموونه‌: «و کلم الله موسی تکلیما» (۱۶۴/۴) و خودا ڕاستەوخۆ دەگەڵ مووسا قسەی کرد.

۲ـ (ضمیر شأن)م ئاوا مەعنا کردووە: «ئاوایە»؛ یان «مەتڵەبێکی موهیم ئەوەیە»؛ بۆ نموونه‌: «قل هو الله احد اللە االصمد...» یانی: بڵێ، «ئاوایە: خودا تەنهایە خودا جێی نیازە…» یان بڵێ: مەتڵەبێکی موهیم ئەوەیە: خوا تەنهایە خودا جێی نیازە...).

۳ـ دەفەرموێ ئەوەشم لە بیر نەچێ: ئەمن کە (سوور)ی بە دوو [واو] دەنووسم، (سییر)یش بە دوو [ی] دەنووسم.

لێرەدا نموونەیەک لە وەرگێڕانی مامۆستا دێنمەوە، ئەویش "سووڕەتی فاتیحە"ـیە

[به نێوی خودای به خشنده‌ی به‌خشاینده]

[ستایش هه‌ر بۆ خودای په‌روه‌ردگاری جیهانییانه]

[که به‌خشنده‌یه، به‌گوزه‌شته؛]

[خاوه‌نی ڕۆژی قیامه‌ته؛]

[هه‌ر تۆ ده‌په‌رستین و هه‌ر له تۆ داوای یارمه‌تی ده‌که‌ین؛]

[ڕێی ڕاستمان نیشان بده؛]

[ڕێی ئه‌وانه‌ی که چاکه‌ت ده‌گه‌ڵ کردوون، نه‌ک ڕێی ئه‌وانه‌ی که وه‌به‌ر تووڕه‌یی که‌وتوون و نه ڕێی لاده‌ران له‌ڕێی حه‌ق]

ناساندن:

مامۆستا لە‌دایکبووی ساڵی ۱۳۱۵ی هەتاوییە و لە ئاوایی "جەڵدیان"ی سەر بەناوچەی پیرانشار چاوی بە دنیا هەڵێناوە. مامۆستا لە بنەماڵەیەکی تۆرەڤان(اهل فضل) و خاوەن زانست لە دایک بووە و کوڕە گەورەی عەللامە مامۆستا مەلا ساڵحی مودەرریس(جۆلەمێرگ)ییە، کە بەڕەسەنایەتی دەگەنەوە سەر شاعیر، عارف و ناوداری کورد (ئەحمەدی خانی). دایکی مامۆستا بە نێوی "عائیشە سۆفی گەزنەیی" لەدایکبووی باڵەکایەتی کوردستانی‌ باشوور(عێڕاق)ـه زبانی سۆرانی. مامۆستا مەلا کەماڵ مودەرریسی لە وڵامی مندا فەرمووی بابم لەدایکبووی کوردستانی بن دەستی تورکیەیه‌، دایکم لە هەرێمی کوردستانی عێراق و خۆم له‌دایکبووی کوردستانی ڕۆژهەڵاتم. لە مامۆستاکانی مامۆستا مەلا کەماڵ، وەک فەرموویان؛ دەتوانین ئاماژە بە مامۆستا مەلا باقری بالک، مەلا حوسێنی مەجدی، مامۆستا شێخ عیززەددینی حوسەینی، مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای شامخی [و فەرموی:] مامۆستا مەلا سەیید موحەممەدی واژی[باوکت] بکەین.

دەبێ ئەوەش بڵێم، جەنابی مامۆستا خوێندنەکەی زۆرتر لە لای عەللامە مامۆستا مەلا ساڵحی باوکی بووە. مامۆستا مەلا کەماڵ، فەقێیەکی زۆر زیرەک بووە، دەیان کوت: "جمع الجوامع"ی بەرگی دووی دەخوێند و بەرگی هەوەڵی بە وانە بە فەقێکان دەگوتەوە. مامۆستا فەرمووی: من پەڕتوکی "مطول"م لە زانستی ڕەوانبێژی (علم بلاغه) دەخوێند و فەقێکەشم، "عه‌بدوڵڵا یه‌زدی" لە زانستی ژیربێژی (علم منطق) دەخوێند و ئەویش قوتابییه‌کی هەبوو کە کتێبی "ملا جامی" لە زانستی ڕێزمان(علم نحو) دەخوێند.

مامۆستا ساڵی ۱۳۳٨هەتاوی لە فێرگەی ئایینی مزگەوتی سووری مەهاباد لە خزمەت دوو زانای ناودار "مامۆستا مەلا حوسەینی مەجدی و مامۆستا مەلا شێعیزەددین حوسەینی" مۆڵەت(اجازه نامه)ی مەلایەتی وەرگرتووە. دوایی بۆ موبارەکی جارێ تر، لە خزمەت باوکی مۆڵەته‌کەی دوپات دەکاتەوە. مامۆستا هەم مامۆستای حوجرە بووە هەم مامۆستای زانستگا. مامۆستا سەرەتا لە قوتابخانە و دوایی لە زانستگای ورمێ و مەهاباد، مامۆستای زمان و ئەدەبیاتی عەڕەبی و فارسی بووە، جار هەبووە لەلایه‌ن مامۆستاکانی زانستگا تاران بۆ وانەبێژی بانگ کراوه‌.

مامۆستا هیچ کات مەلایەتی نەکردووە بەڵام قەتیش دەستی لە مەلایان هەڵنەگرتووە.

مامۆستا مەلا کەماڵ، لەسەر چالاکیی سیاسی و هەستی نیشتمان‌پەوەری، ساڵی ۱۳۴۷ی هەتاوی لە لایان «دەسەڵاتی شا»وه بەند کراوە. 

ساڵی ۱۳۵۳ی هەتاوی بۆ ئەندامەتی کۆمەڵەی وانە‌بێژان (عضویت هیئت علمی) لە زانستگای تاران بانگ دەکرێ، بەڵام بەهۆی پەروەنده‌ی سیاسی ساڵی چل‌وحه‌وته‌وه ڕەد دەکرێتەوە. جارێ تر ساڵی ۱۳۵۴ی هەتاوی وه‌زاره‌تی فەرهەنگ و هونەر بۆ ئاڵ‌وگۆڕ(تبادل)ی فەرهەنگی نێوان ئێران و میسر، بۆ هەڵبژاردنی دوو کەس بۆ وانەگوتنەوەی (زبان و ادبیات فارسی) لە دوو زانکۆی(عین الشمس) و زانکۆی (اسکندریە) لە وڵاتی قاهرە، تاقیکاری بەڕێوە دەبا و مامۆستا بە پلەی بەرز وەردەگیرێ؛ بەڵام بەهۆی ئەم په‌روه‌ندە سیاسییه‌وه‌، جارێ تر لە لایان دەسەڵاتەوە ڕەد دەکرێتەوە. دیارە مامۆستا، له هەردووک دەسەڵاتەکەی کۆن و نوێی ئێران‌دا حوکمی زیندانی بۆ بڕاوەتەوە. مامۆستا ساڵی ۱۳۷۴خانەنشین بووە و ئێستا لە شاری "شنۆ" ژیان تێپه‌ر دەکا.

بەرهەمەکانی مامۆستا:

۱ـ وەڕگێڕانی قوڕئانی پیرۆز، (چاپ کراوە)

۲ـ ڕاڤەو لێکۆڵینەوە لەسەر (معلقات دهگانە)کە تاکوو ئێستا چەندین کەڕەت لە چاپ دراوە. لە سەرکەوتووترین وەرگێڕاوەکانی معلقات بە زبانی فارسی دادەنرێ.

۳ـ بنات الرسول، دانراوی خاتوو عائیشە بنت الشاطیء (چاپ نەکراوە)

۴ـ نحو پنج، کە لە‌لایەن زانستگای پەیامی نوور داوا لە مامۆستا کراوە بۆ وانە گوتنەوەی قوتابیانی بنوسرێ(چاپ نەکراوە)

۵ـ بیرەوەریەکانی مامۆستا، (چاپ نەکراوە).

جێی شانازییە کە مامۆستا لە تەمەنی ٨۷ ساڵیدا هەر وا بە ورەیەو خۆی گردەنشین نەکردووە و پێوەش نییە بەم زوانە، ماڵاوایی لە خوێندنەوەو نوسین بکات. بۆ ئەم مامۆستا بەتوانا و دڵسۆزە ئاواتی سەرکەوتوویی دین و دنیا دەکەم.